تەمموز 2010 – بەڕێز فاروقی مەلا مستەفا سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی زانکۆی ئەمریکی نامەیەکی پێزانینی لە بەڕێز جۆشوا میچێل جێگری سەرۆکی زانکۆی ئەمریکایی لە شاری سلێمانی کوردستانی عێراقەوە (AUI-S) پێگەیشت لە بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەکانی لە پێناو سەرخستن و گەشەپێدانی زانکۆکەدا. لەو نامەیەدا ئاماژە کراوە بەوەی کە هەماهەنگی و پشتگیری کاک فاروق زانکۆکەی گەیاندە ئەو ئاستەی متمانەی ئەکادیمیای ئەمریکایی بۆ خوێندنی ئازاد بە دەست بهێنێت، کە دەزگایەکی ئەکادیمی گرنگی باوەڕپێکراوە و بارەگاکەی لە واشینتۆن دی سی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە.
مستەر میچێل لەدرێژەی نامەکەیدا دەڵێت کە هەوڵەکانی کاک فاروق زۆر بەسود بوون بۆ دیاریکردنی پێگەی زانکۆی ئەمریکی وەک تاکە زانکۆی عێراق کە لەلایەن دەزگای خوێندنی باڵای ئەمریکاوە باوەرپێکراو بێت.
لە بەرامبەر ئەم پێشکەوتنەدا کاک فاروق ووتی: من خۆشحاڵم بە بیستنی ئەم هەواڵە و شانازیش دەکەم بەم نامەی پێزانینە لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی لە بەرزنرخاندنی ئەم هەوڵە بچوکەماندا بۆ پشتگیریکردنی رێڕەوی خوێندن لە زانکۆکەدا. هەروەها خۆشحاڵم بەوەی کە زانکۆکە گەیشتوەتە ئاستێکی بەناوبانگی ئەکادیمی لە بواری خوێندنی باڵادا کە بەپێی پێوەرە ئەمریکاییەکان بەرەو پێشەوە دەڕوات.
هەروەها ووتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی خوێندن لەبەر ئەو رۆڵە گرنگانەی هەیانە لە پێکهێنانەوەی ئایندەی وڵاتدا. و ئێمە هیواخوازین کە ئەم دامەزراوانە رۆشنکەرەوەیەک بن بۆ بنیاتنانی کەلتورێکی کراوە و داهێنەرانە کە بەشدار بێت لە پتەوکردنی گەشە پێدان و بوژاندنەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا.
زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ساڵی 2004 لەلایەن ئەنجومەنێک لە ئەندامانی زانکۆ و ئەمیندارانەوە دامەزراوە، کە پێک هاتبون لەو کەسانەی دامەزراندنی زانکۆیەکیان گرتبوە ئەستۆ کە تایبەت بێت بە پێشکەشکردنی خوێندن و هونەری ئازاد بە شێوەیەکی گشتی و بە شێوازە ئەمریکیەکەی.
زانکۆی ئەمریکی لە عێراق- سلێمانی بە ئامانجی دروستکردنی سەنتەرێکی پێشەنگی خوێندن و توێژینەوە و ئاڵوگۆڕکردنی کەلتوری وفیکری دروست بووە. کارمەندان و مامۆستایانی زانکۆکە پێک هاتوون لە بەتواناترین خەڵکانێک کە لە بەرزترین کۆلێژ و زانکۆکانی ئەمریکای باکور وبەریتانیا و ئەوروپاوە هاتوون، و بناغە و بەڕێوەبردنە ئەکادیمییەکەی بەپێی خوێندنی باڵای مۆدێلە ئەمریکاییەکان دامەزرێنراوە.