عێراق دەستکەوتێکی گەورە بەدەستدەهێنێت بەهۆی بردنەوەی سێ خەڵاتی بەهادار لەلایەن "ئاسیاسێڵ"ـەوە لە خەڵاتە جیهانییەکانی ®STEVIE بۆ ئەدای نایابی تەکنەلۆژی

سلێمانی، عێراق – تەممووزی 2025

لە هەنگاوێکی نوێدا کە ڕەنگدانەوەی گەشەی بەردەوامی سێکتەری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیایە لە عێراق، ئاسیاسێڵ سێ خەڵاتی بەناوبانگی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا لە چوارچێوەی خەڵاتە جیهانییەکانی ®STEVIE بۆ ئەدای نایابی تەکنەلۆژی بۆ ساڵی 2025، کە یەکێکە لە گرنگترین پلاتفۆرمە جیهانییەکان بۆ بەرزنرخاندنی دەستکەوتە تەکنەلۆژییەکان و داهێنانە کاریگەرەکانی کەرتی بازرگانی.

ئاسیاسێڵ خەڵاتی زیوینی ®STEVIE لە سێکتەری"کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ساڵ" بەدەستهێنا وەک پێزانینێک بۆ پێشەنگایەتیکردنی بەردەوامی لە بازاڕی عێراقیدا و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری و پیشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە بەرزترین کارایی. لیژنەی دادوەری ستایشی دەستکەوتە نایابەکانی کۆمپانیاکەیان کرد لە جێبەجێکردنی گشتگیری بەرزکردنەوەی ئاستی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان "BSS" لە سەرتاسەری عێراقدا بەبێ ئەوەی هیچ پچڕانێک لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکەدا ڕووبدات. ئەم دەستکەوتە تەکنیکییە، ڕەنگدانەوەی بەرزیی توانای کارپێکردن و تەکنەلۆژیی ئاسیاسێڵە، هەروەها بەشێک لەم دەستکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەدای دارایی کۆمپانیاکە، بەو پێیەی لە ساڵی 2024دا، بڕی %150ـی قازانجی سەرمایەکەی دابەشکردووە. ئاسیاسێڵ لە ڕێگای بەجێگەیاندنی بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی بەردەوامی جیاوازییەکانی خۆی خستۆتەڕوو، ئەمەش سەرباری سەرکردایەتیکردنی لە خستنەبەردەستی یەکەمین سیستەمی دووانەی ژیریی دەستکرد لە عێراقدا.

هەروەها یەکەمین خەڵاتی برۆنز بۆ بەشی "باشترین خزمەتگوزاریی نوێ لە بواری ژیریی دەستکرد" بەخشرایە ئاسیاسێڵ، وەک پێزانین بۆ خزمەتگوزاریی "لەیلا"، کە یەکەمین یاریدەدەری کەسیی پاڵپشتکراوە بە ژیریی دەستکرد کە پەرەیپێدراوە بۆ دابینکردنی چارەسەری خێرا بۆ بەشداربووان. "لەیلا" بە درێژایی 24 کاتژمێر کار دەکات، ڕێگا بە بەشداربووان دەدات لە ڕێگای ئەپی ئاسیاسێڵ و ماڵپەڕ و واتسئاپ و مەسنجەرەوە پەیوەندی بکەن بۆ بەدەستهێنانی چارەسەری پێشکەوتوو بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ببێتە نمونەی پێشەنگایەتی لە بواری خزمەتگوزارییەکانی بەشداربووان لە سەرتاسەری جیهاندا.

هاوکات کۆمپانیاکە دووەم خەڵاتی برۆنزی لە بەشی "داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی ساڵ" بەدەستهێنا بۆ رێزلێنان لەو ژێرخانە ئەندازیارییە پێشکەوتووەی کە پشتگیریی سیستەمی "لەیلا" دەکات. ئەم سیستەمە پەرەی پێدراوە بە بەکارهێنانی ژێرخانی ئاوێتەکراو بە ژیریی دەستکرد و تەکنیکی پێشکەوتووی پرۆسێسکردنی زمانی سروشتی "NLP"، کە ڕێگا بە "لەیلا" دەدات ئەزموونێکی پاڵپشتیکاری بێخەوش و زیرەک پێشکەش بکات لەسەر بنەمای تێگەیشتن و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بە سیستەمەکانی تەکنەلۆژیی ئاسیاسێڵەوە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی خێرا کە بە شێوازێکی کاریگەرانە پێویستی بەشداربووان دابیندەکەن.

بەم بۆنەیەوە، بەڕێز "عامر سوناع" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ، ڕایگەیاند:

"شانازی دەکەین بەوەی هەوڵەکانمان لە بواری داهێنان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی لەسەر ئاستی جیهان بەرز دەنرخێندرێن. ئەم خەڵاتانە گەواهیدەری پابەندبوونی قووڵی ئێمەن بۆ خزمەتکردنی بەشداربووان لە ڕێگای بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژییەکان کە ڕەنگدانەوەی کارامەیی تیمی ئاسیاسێڵ و دیدگای ئێمەیە بۆ پێشکەشکردنی ئەزموونێکی پێشەنگ لە بواری پەیوەندییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا."

ماگی میڵەر، سەرۆکی خەڵاتەکانی ®STIVE ڕایگەیاند: "شانازی دەکەین بە پاداشتکردنی براوەکانی خەڵاتەکانی ®STIVE بۆ نایابی تەکنۆلۆژی بۆ ساڵی 2025 هەروەها دەستکەوتە نایابەکانیان. ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی بەخشینی خەڵاتین، بە داهێنان و کاریگەرییەکانی لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە بەرواری 16ـی ئەیلوول."

بردنەوەی ئەم سێ خەڵاتە لەلایەن ئاسیاسێڵەوە لەنێو کێبڕکێیەکی توندی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا کە نوێنەرایەتیی زیاتر لە 30 وڵات دەکەن، دەستکەوتێکی نمونەییە، کە نەک تەنها ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی کۆمپانیاکەیە، بەڵکو توانای عێراقیش پشتڕاست دەکاتەوە لە بەرهەمهێنانی چارەسەری تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو کە توانای کێبڕکێی نێودەوڵەتی هەبێت. ئەو کۆمپانیا جیهانیانەی تر کە ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە بریتین لە: Amazon و Google و Cisco و Meta.

لە کاتێکدا ئاسیاسێڵ بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ستراتیژیی بەرفراوانکردنی خۆی، کە بریتییە لە: خستنەبازاڕی خزمەتگوزاریی "5G" و فراوانکردنی تۆڕی فایبەر ئۆپتیک و دروستکردنی ناوەندی داتای زیاتر، ئەم پێزانینە نێودەوڵەتییە پاڵنەری کۆمپانیاکەیە بۆ بەردەوامبوون لە داهێنان و بەشداریکردنی چالاکانە لە بنیاتنانی ئایندەیەکی دیجیتاڵی گەشاوەتر لە عێراق و ناوچەکە.

پێویستیت بە یارمەتییە؟ سوود وەربگرە لە کەناڵە تایبەتەکانمان بۆ پشتگیری بەشداربووان کە چەندین خەڵاتیان بۆ ئەداکردنی نایابیان بردووەتەوە.