ئاسیاسێڵ لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتی ساڵانەی خۆیدا دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە ڕێژەی 150% پەسەند دەکات
سلێمانی، عێراق – 23ـی ئایاری 2026
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگی پەیوەندییەکان لە عێراق، ئەمڕۆ شەممە 23ـی ئایاری 2026، کۆبوونەوەی دەستەی گشتی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، بە سەرپەرشتی بەڕێز فاروق مستەفا ڕەسووڵ سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئاسیاسێڵ. کە تیایدا خاوەن پشکەکان بە کۆی دەنگ هەموو بڕگەکانی کارنامەی کۆبونەوەکەیان پەسەند کرد.
ئەو بڕیارە سەرەکییانەی لە کۆبوونەوەکەدا دران، بریتی بوون لە پەسەندکردنی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و ڕاپۆرتی وردبینیکاری ژمێریاری و بەیاننامە داراییەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی 2025، هەروەها دیاریکردنی وردبینیکارێکی دەرەکی بۆ پێداچوونەوە و وردبینیکردنی ژمێرەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی 2026. هاوکات، دەستەی گشتی ڕەزامەندی لەسەر دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە ڕێژەی 150% پەسەندکرد، کە دەکاتە 1.5 دینار بۆ هەر پشکێک. کە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا خەرج بکرێت بۆ هەموو ئەو خاوەن پشکانەی لە تۆماری خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکەدا تۆمار کراون، بەپێی ماددەی (4)ـی بڕگەکانی ڕێکخستنی ژمارە (25)ـی ساڵی 2024 کە لەلایەن دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراقەوە (ISC) دەرچووە.
ئەم بڕیارە بەرجەستەکردنی پلان و دنیابینی کۆمپانیای ئاسیاسێڵە بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی خاوەن پشکەکانە، هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەدای بەهێزی دارایی کۆمپانیاکەیە لە ماوەی ساڵی 2025، و بەردەستبوونی باڵانسی نەختینەیی و زیادەی کەڵەکەبووە، هەروەها کاتی دابەشکردنی قازانجەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕادەگەیەنرێت.
بەڕێز فاروق مستەفا ڕەسوڵ پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی خاوەن پشکەکان و متمانەی بەردەوامیان بە پێشکەوتنی کۆمپانیاکە و ئاراستەی داهاتووی دامەزراوەکە، دووپاتیکردەوە:
"لە ساڵی 2025، ئاسیاسێڵ بەردەوام بوو لە پێشەنگایەتیکردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی لە عێراق بە گرتنەبەری ستراتیژی پێشکەوتوو لە ژیریی دەستکرد، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئەزموونی بەشداربووان و بەرزکردنەوەی کواڵێتیی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها داهێنان چیتر تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکو بووەتە بناغەی هەموو کارەکانمان. ئێمە چارەسەری پێشکەوتوومان پەرەپێداوە کە بریتین لە باشترکردنی کارایی تۆڕ و بەکارهێنانی شیکارییە زیرەکەکانی داتاکان هاوتەریب لەگەڵ سەردەمی پەیوەندییە مۆدێرنەکاندا".
ئاسیاسێڵ هەوڵدەدات بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی و بەرەوپێشبردنی پێشەنگایەتی خۆی لە ڕێی وەبەرهێنان لە بواری تەکنەلۆژیا و داهێناندا، لەگەڵ پابەندبوونی بەردەوامی خۆی بە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و پێشکەشکردنی چارەسەری دیجیتاڵیی پێشکەوتوو کە لەگەڵ خواستەکانی بەشداربوواندا بگونجێت، هەروەها پاڵپشتیکردنی ئابووری عێراق و، بەدیهێنانی بەردەوامی لە گەشەکردنی هاوتەریب بە بنەماکانی حوکمڕانی باش و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ژینگە و کۆمەڵگە.





